ژمارەیەکی زۆر لە شارەکانی ئێران کە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنادا بەربەرەکانێ دەکەن، بەڵام کەمترین ئاستی پێداویستییە دەرمانییەکانیان هەیە و لەوەیکە ڕێگەی هاتووچۆ بۆ شارەکەیان کراوەیە ناڕازین و دەڵێن مسافیران کۆرۆنایان بۆ بە دیاری دێنن.
ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕەشەمە، لە کاتێکدا کە کیانووش جەهانپوور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند کە ئاماری گشتیی گیانلەدەستچووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتووە بە ١٩٤ کەس، محەممەدحوسێن قوربانی، نوێنەری وەزیری تەندروستیی لە پارێزگای گیلان ڕایگەیاند کە ئاماری قوربانیانی کۆرۆنا تەنیا لە پارێزگای گیلان، زیاتر لە ٢٠٠ کەس بووە.
وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم لە تازەترین ئاماری خۆیدا ڕایگەیاندوە کە ڕێژەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، ٦هەزار و ٥٥٦ کەسە کە بەو پێیە، پارێزگای مازەندەران دوای شارەکانی قوم و تاران، پلەی سێهەمی لە تووشبوون بە کۆرۆنا هەیە.
خەڵکی مازەندەران داوایان کردبوو کە ڕێگەکانی ئەو پارێزگایە ببەستن و شارەکان پاوان بکەن تاکوو ڤایرۆسەکە بە شوێن و ناوچەکانی دیکەدا بڵاو نەبێتەوە. بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ هەوڵێک لەو بارەوە نادات و خەڵکەکە بەدەستی ئەوەوە ناڕازین کە ڕێگەکان دانەخراون.
جێی ئاماژەیە کە وەزارەتی تەندروستیی ڕیژیم ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لە مازەندەران ٦٢٠ کەس ڕاگەیاندوە بەڵام هەواڵدەریی ئیرنا لە سەر زاری زانکۆی پزیشکیی مازەندەرانەوە ڕایگەیاندوە کە ئەو ئامارە زۆر زیاترە و جگە لەوانەی کە تووشبوون، گومان لە ٨٠٠ کەسی دیکەش دەکرێ کە کۆرۆنایان گرتبێ.
هەروەها وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕایگەیاندوە کە ڕێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە گیلان ٤٩٦ کەسە و لەوانەیە ئەو پارێزگایە پێنجەمین پلەی هەبێ لە تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێراندا.
لە لایەکی دیکەوە خەڵکی ئێران بە دانانی وێنە و فیلم لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕادەگەیەنن کە نەخۆشخانەکانی هەندێک لە شارەکانی ئێران لەگەڵ نەبوونی پێداویستیی دەرمانی بەرەوڕووە.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە تەنیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا بە وتەی کاربەدەستانی وەزارەتی تەندروستی ٤٩ تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوەو شیمانە دەکرێ ژمارەی قوربانیان ڕوو لە زیادبوون بکات.