دەزگای دادی ڕێژیم دژایەتی لەگەڵ دانی مورەخەسی بە زێنەب جەلالیان کردووە و ئەو بەندکراوە سیاسییە کە لە زینداندا تووشی زۆر نەخۆشیی بووە، هەڕەشەی کۆرۆنای لەسەرە.
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندیخانەکان و مەترسیی تووشبوونی بەندکراوەکان بەو پەتا کوشندەیە، بەرپرسانی دەزگای دادی ڕێژیم ئیزنی مورەخەسییان بە زۆر لە بەندکراوەکان نەداوە. زێنەب جەلالیانیش لەو بەندکراوە سیاسییە کوردانەیە کە لە بەندیخانەی شاری خۆیە مەترسی کۆرۆنای لەسەرە.
هەواڵدەری هێرانا، ئۆرگانی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لەئێراندا ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕەشەمە ڕایگەیاند زێنەب جەلالیان کە بەهۆی نەخۆشییەکانی چاو، دەم و گەدە داوای مورەخەسی دەرمانی کردبوو، لەگەڵ دژایەتی دەزگای داد و بەرپرسانی زیندانی خۆیە بەرەوڕوویە و ئیزنیان پێنەداوە.
ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە ١٣ ساڵە بەبێ مورەخەسی لە بەندیخانەدایەو پارێزەرەکەشی بە ناوی ئەمیرسالاری داودی لەبەندیخانەدایە و ماوەیەکە بە هۆی بارودۆخی نالەباری بەندیخانە و لەژێر گوشاردابووندا مانی لە خواردن گرتووە. هەروەها پارێزەرێکی دیکەی خاتوو زێنەب پاش گوشاری هێزەکانی ئیتلاعات ناچار بوو واز لە پەڕاوی زێنەب جەلالیان بێنێ.
رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی پێشتر لە پێوەندی لەگەڵ سڵامەتی زێنەب جەلالیان هۆشداری دابووە کاربەدەستانی ڕێژیم و ڕەخنەی توندی لە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی گرتبوو.
جەلالیان پاش دەسبەسەرکرانی لە ساڵی ١٣٨٦ بە تاوانی “چوونە دەرەوە لە وڵات بە شێوەی نایاسایی” و “دژایەتی نیزام لە ڕێگەی ئەندامبوون لە ڕێکخراوەکانی دژبەری نیزام” حوکمی لە سێدارەدرانی بۆ بڕایەوە، بەڵام ئەو سزایە پاشان کرا بە زیندانی هەتا هەتایی و ئێستا ئەو بەندکراوە کوردە سەرەڕای نەخۆشییەکانی کە لە بەندیخانە بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی تووشی بووە، لەگەڵ پەتای کۆرۆناش بەڕەوڕوویە.
شایانی باسە ماوەیەک لەمەوبەر هێندێک لە بنەماڵەی بەندکراوەکان بە دەرکردنی نامەیەکی سەرئاوەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوایان لە “برایمی ڕەئیسی” سەرۆکی دەزگای دادی ڕێژیم کردبوو بۆ پاراستنی کەس و کارە بەندکراوەکانیان لە تووشبوون بە کۆرۆنا بە شێوەی کاتی ئەوان ئازادیان بکەن، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵ بێ جگە لە چەند بەندیکراو نەبێ، کەس لە بەندکراوە سیاسییەکان ئازاد نەکراون.