بە پێی ڕاپۆرتی ڕادیۆ فەردا، لانی کەم ٤۷۷ کەس لە ئێران بەهۆی کۆڕۆناوە گیانیان لەدەست داوە.
لە کاتێکدا کە وەزارەتی تەندروستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نوێترین ئاماردا، ڕایگەیاندوە کە ژماری ئەو کەسانەی وا بەهۆی تووشبوون بە ڤیرووسی کۆڕۆناوە گیانیان لەدەست داوە ۱۹٤ کەسە، ڕادیۆ فەردا ڕایگەیاند: “بە پێی ئەو ئامارانەی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە لایەن کاربەدەستانی فەرمی و نوێنەرانی پارلمانی ئەم وڵاتەوە ڕاگەیەندراوە و، ئەم ڕاگەیەنە کۆی کردوونەتەوە؛ لانی کەم ٤۷۷ کەس لە ۲۷ پارێزگای ئێران گیانیان لەدەست داوە.”
شایانی باسە تا ئێستاش ڕێژەی کەسانی گیان لەدەستچوو لە شارەکانی قوم کە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیرووسەیە و هەروەها شاری تاران وەک پڕجەماوەرترین شاری ئێران، لە لایەن کاربەدەستانی وەزارەتی تەندروستییەوە ڕانەگەیەندراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، “ئەحمەد میرئابادی فەراهانی”، نوێنەری شاری قوم لە پارلمان، ڕۆژی ٥ی ڕەشەمە ڕایگەیاندبوو لە پارێزگای قوم ٥۰ کەس بەهۆی کۆڕۆناوە مردوون. هەرچەندە وەزارەتی تەندروستی ئەمەی ڕەد کردەوە بەڵام هەتا ئەم کاتەش هیچ ئامارێکیان بڵاو نەکردووەتەوە و؛ قوم کە شارێکی مەزهەبییە و هاتوچۆی زۆر بەسەرەوەیە لە لایەن دەوڵەتەوە بەرنامەیەک بۆ بەرتەسک کردنەوەی ئەم هاتوچۆیانە و نەهێشتنیان نەخراوەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
سەرەڕای شاری قوم، پارێزگا باکوورییەکانی ئێرانیش وەک مەکۆی بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی کۆڕۆنا باسیان لێ دەکرێ و، لە شارەکانی ئەم پارێزگایانەش ژماری کەسانی تووشبوو ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە. بە جۆرێک کە “جەعفەرزادەی ئیمێنئابادی “نوێنەرێکی تری مەجلیس لە نوێترین لێدوانیدا دەڵێ: “٥۰٪ی کادری پزیشکیی پارێزگای گیلان تووشی ڤیرووسی کۆرۆنا بوون و، تەرمی مردووەکان لەسەر یەک کەڵەکە بوون لە گۆڕستانەکاندا.”