دوای ئەوەی وڵاتانی ئۆپێک نەگەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوت، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان بۆ ٣٥ دۆلار دابەزی
بەپێی دوایین ئامارەکان، ڕۆژی دووشەممە١٩ی ڕەشەمەی ٩٨ی هەتاوی نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکا بە ٣١ دۆلار و ٧٧ سێنت مامەڵەی پێوەکرا و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنتیش بە ٣٥ دۆلار و چوار سێنت مامەڵەی پێوەکرا.
لە ماوەی نزیکەی چوارساڵدا ئەوە یەکەمجارە نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەو نرخە مامەڵەی پێوە بکرێت کە بە زیانی وڵاتانی بەرهەمهێنەرە.
ئەو دابەزینەی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت، هەینی ڕابردوو لە ڤییەن، ڕووسیە ڕازی نەبوو پێشنیازی سعودیە و ئەندامانی دیکەی ئۆپێک پەسند بکات کە هەناردەی نەوت پێکەوە ڕۆژانە ملیۆنێک و ٥٠٠هەزار بەرمیل کەم بکەنەوەو و بەم چەشنە بەر بە دابەزینی نرخی نەوەت لە بازاڕەکاندا بگرن.
سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناش لە لایەکی دیکەوە و بڵاوبوونەوەی خێرای ئەو نەخۆشینە، چالاکییە ئابوورییەکانی جیهانی پەک خستووە و ئەوەش کاریگەری زۆری لەسەر نرخی نەوت داناوە.