دایە فاتمە میکائیلی، ژنە تێکۆشەری ناوچەی شاروێرانی مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، ١٥ی ڕەشەمە، دایە فاتمە مکائیلی ناسراو بە فاتم هەمەدان، کەسایەتیی تێکۆشەری ناوچەی شاروێرانی مەهاباد و، دایکی هاوڕێ خالید وەنەوشە، پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە تەمەنی ١٠٨ هەشت ساڵیدا بەهۆی تەمەنی زۆر و نەخۆشی لە ئاوایی قەرەقشلاقی ناوچەی شاروێران کۆچی دوایی کرد.
دایە فاتمە لە منداڵییەوە هۆگری بیری کوردایەتی و سەربەستیی نەتەوەکەی بوو. وانەکانی خەبات لە خزمەت برا گەورەکەی کەریم هەمەدان فێر بوو کە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاوڕێ و هاوکاری مەرحوم کەریم حیسامی بوو. دایە فاتیمە دواتر ژیانی هاوبەشیی لەگەڵ مەرحوم مستەفا وەنەوشە پێک هێنا کە ئەندامی نهێنیی حیزب لە دەیەکانی چلی هەتاویدا بوو، دواتریش هەر لەگەڵ یەکەم ڕۆژەکانی دوای شۆرشی گەڵانی ئیران خالید وەنەوشەی کوڕی بوو بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەوەش قۆناغێکی دی لە ژیانی خەباتکارانەی دایە فاتیمە دەستی پێکرد.
دایە فاتیمە لە هەموو قۆناغی سەختی خەبات و بەرگریی چەکداریدا زۆر چیا و دۆڵ و بەندەن و پێدەشت و گوندی کوردستان بۆ دیدار و سەردانی پێشمەرگەکان گەڕا و دوو جاریش وێڕای هاوسەر و کوڕ و منداڵەکانی دیکەی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕیژیمەوە گیرا؛ بەڵام هیچ کام لەو نەهامەتی و ئازار و جەزرەبانە کۆڵیان پێ نەدا و دایە فاتیمەی کردبووە نموونە و سەرچەشنی ژنان و دایکانی کۆڵنەدەر و فیداکار لە ناوچەی مەهاباددا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی مەرگی دایە فاتیمە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، بەتایبەت هاوڕێی بەڕێزمان کاک خالید وەنەوشە دەکا و خۆمان بە شەریکەخەمیان دەزانین.











