هاوکات لەگەل بڵاوبوونەوەی ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئاشکرا بوو کە سەتا ٤١ی تووشبووانی ڤایرۆسەکە لە شاری کرمان، کادری دەرمانی و پزیشکین.
ڕۆژی شەممە، ١٧ی ڕەشەمە، هەواڵدەریی ئیلنا بڵاوی کردەوە کە “محەممەد عەلی ڕەبیعی”، پزیشکی شاری “شفت”ی سەر بە پارێزگای گەیلان، بەهۆی تووشبوون بە کۆڕۆناوە گیانی لەدەست داوە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ناوبراو پێشتر لە نەخۆشخانەیەکی تاران خەوێندرابوو. هەروەها پێشتریش ٥ پزیشک و ٤ پەرستار گیانیان لەدەست دابوو.
“مەهدی حوسێنی نژاد” بەرپرسی ڕێکخراوی بازرگانی و کانگای شاری کرمان لەو بارەوە ڕایگەیاندوە کە سەتا ٤١ ی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کادرە دەرمانییەکانن.
ناوبراو هۆکاری بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەکەی بۆ نەبوونی دەمامک و دەسکێش گەڕاندەوە.
شایانی باسە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا نەبوونی کەرەسە و پێداویستییە دەرمانییەکان بۆ پزیشکەکان و هەروەها نەخۆشخانەکان، قەیرانێکی بەرچاوی بەبار هێنا. بەشێوەیەک کە دەکرێ بڵێین بەهۆی نەبوونی دەمامک و دەسکێشێکی سەرەتاییەوە، ڕێژەی تووشبووان لە ڕۆژێکدا گەیشتووەتە زیاتر لە ٥هەزار کەس