کۆنسێرتی مامۆستا شەهرام نازری لەگەڵ گڕووپی مەولەوی کە بڕیاربوو سبەی پێنجشەممە لە تالاری “سەدرا”ی شاری تەورێز بەڕێوەبچێ، بە بڕیاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان هەڵوەشا.
هەڵوەشانی کۆنسێرتی ” شۆرەسواری” مۆسیقای ئێران لە حاڵێک دایە کە ئەو ماوەی زیاتر لە مانگێک بوو خەریکی کاروباری وەرگرتنی مۆڵەتو ڕاپەڕاندنی ڕیوشوێنە قانوونییەکان بوو، بەڵام بەهۆی دژایەتیی کۆمەڵێک کاربەدەستی دەستڕۆیشتووی ئەو شارە ڕێ لە بەڕێوەچوونی ئەو کۆنسێرتە گیرا.
ئەو کۆنسێرتە دەبوا سبەی پێنجشەممە بەبۆنەی ڕۆژی شێعرو ئەدەبی فارسیو هەروەها بەرزڕاگرتنی یادی ” شەهریار”، شاعیری بەناوبانگی ئەو شارە بگیرێ.
شەهرام نازری ویڕای دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆی لەو ڕووداوە دەڵێ ئەو بڕیارانە زەبری گورچکبڕ لە فەرهەنگو هونەری وڵات دەدا. ئەو هونەرمەندە گەورەیەی کورد دەڵێ ئێمە لە کۆنسێرتەدا بڕیار بوو شێعرەکانی شەمسی تەورێزیو شەهریار بڵێینەوەو ئەمن تێناگەم کە گوتنەوەی شێعر و موسیقیی بەرزی ئەو وڵاتە چ خەسارو زیانێکی هەیە کە کاربەدەستانی ئاوا تەنگاو کردوە کە کۆنسێرتەکان هەڵوەشێننەوە؟
هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتی شەهرام نازاری لە درێژەی ئەو شەپۆلی نوێی بەرتەنگ کردنەوەی چالاکیی هونەریو هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتەکانی موسیقی دێ کە ئەگەرچی بە درێژایی مێژووی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بووە، بەڵام لە چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر بووە.
شایانی باسە هەر چەند ڕۆژ لەوە پێش لە تاران رێ لە کۆنسێرتی مامۆستا عەلیئەکبەر مرادی، مامۆستای بەناوبانگو تەنبورژەنی بەناوبانگی کوردی خەڵکی کرماشان گیرا.