فەردین مستەفایی، ڕۆژنامەوان، بەرپرسی کاناڵی تیلیگرامی “سەقز ڕووداو” و ئەندامی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان، لە لایەن ئیتلاعاتی شاری سەقز بانگکراو لێکۆڵینەوەی لێکرا.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، ناوبراو بە هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئامارو زانیارییەکان لە کاناڵی تیلیگرامی “سەقز ڕووداو” سەبارەت بە نەخۆشی کۆرۆنا لە شاری سەقز بانگ کراوە.
لەم پێوەندییەدا، فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان بانگکران و لێپرسینەوەی فەردین مستەفایی ڕۆژنامەوان و یەکێک لە ئەندامانی فیدراسیۆنەکەی پشتڕاست کردەوە.
فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان لەم بارەوە ڕایگەیاند، بەهۆی دۆخی خراپ و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆڕۆنا بە شێوەیەکی بەربڵاو لە شاری سەقز و بەرزبوونەوەی ئاماری تووشبووان بەو نەخۆشیە، ژمارەیەک لە ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی تۆڕە کۆمەلایەتییەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بانگ کراون و هۆشداریان پێ دراوە و چەندین ڕاگەیەندکاری تریش لە پێوەندی لەگەڵ ئەو بابەتە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە ئاگادار کراونەوەو هەڕەشەیان لێکراوە.
شایانی باسە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دۆخی شاری سەقز لە پێوەندی لەگەڵ نەخۆشی کۆڕۆنادا جێگای ترس و نیگەرانییەو ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون و گیانیان لەدەستداوە و بۆ ماوەیەک پشووی ڕەسمی لەو شارە ڕاگەیەندراوە.











