دوو بەندکراو بە ناوەکانی سەلمان سولەیمان نژاد و ڕەشید عەزیزی بە گومانی گیرۆدەبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ قەرەنتینە کران.
ئەو دووبەندکراوە چەند ڕۆژلەمەوبەر بۆ چارەسەری و پشتڕاستبوونەوە لە نەخۆشییەکەیان، ڕەوانەی نەخۆشخانە لە دەرەوەی بەندیخانە کرابوون. بەو دوو بەندکراوەوە، ئێستا ٥ بەنکراو لە بەندیخانەی ورمێ لە قەرەنتینەدان و بەرپرسانی زیندان هیچ وڵامێکیان بۆ تێستی گیرۆدەبوونی بەندییەکان نەداوەتەوە.
جێی ئاماژەیە، دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی مەهدی ڕەسووڵی و محەممەدی قەنبەردوست کە پێشتر بۆ تێستی کۆڕۆنا بۆ دەرەوەی بەندیخانە ڕەوانەکرابوون، پاش ئەوەی دەرکەوت کێشەی کۆڕۆنایان نییە گەڕێندرانەوە بۆ بەشی نێوخۆیی بەندیخانەی ورمێ.
هەر لە زیندانی ورمێ و پاش بەڵێنی بەرپرسان، بەندکراوانی بەندی ١٥ی ئەو زیندانە کە لە ڕۆژی پێنجشەممەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەگەڵ ئیزن نەدانی کاتی بۆ مورەخەسی وازیان لە وەرگرتنی خواردن هێنابوو، کۆتاییان بە مانگرتنی خۆیان هێنا.
شایانی باسە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە شارەکانی ئێراندا، بنەماڵەی بەندیکراوان بە ناردنی نامە بۆ بەرپرسانی دەزگای دادی ڕێژیم داوایان کردبوو کە بۆ پاراستنی کەسوکاریان لە بەندیخانەکان، بەندکراوەکان بەشێوەی کاتی ئازاد بکەن، بەڵام وڵامی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا ئەرێنی نەبووە و بەندییەکان، بەتایبەت بەندییە سیاسییەکان هەڕەشەی کۆرۆنایان لەسەرە و گومان هەیە کە ڕێژیم بە ئانقەست ئەوان تووشی ئەو نەخۆشییە بکا و بەمچەشنە، تۆڵەیان لێبکاتەوە و خۆی لە کێشەی ئەوان ڕزگار بکات.
شایانی باسە زۆرێک لە بنەماڵەی بەندکراوەکان لە بەندیخانەکانی ورمێ، سنە، کرماشان، رەجاییشاری کەرەج و ئەهواز باسیان لە کەمی پێداویستییە دەرمانییەکان و مەترسی ڕوودانی کارەساتی مرۆیی کردووە لە ئەگەری تووشبوونی بەندییەکان بە ڤایروسی کڕۆنا.











