بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەربڵاو لە شارەکانی ئێران بووەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر گیانی خەڵک.
ئەم ڤایرۆسە کە سەرەتا لە شاری قوم بڵاوبووەوەو بەهۆی خەمساردی دەسەڵات و پێشنەگرتن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە زۆر بەخێرایی بە شارەکانی تردا بڵاو بووەوەو شارەکانی کوردستانیش بەشێوەیەکی بەربڵاو ئەو ڤایرۆسە تیایاندا تەشەنەی کردووە.
شاری سەقز یەکێک لەو شارانەی کوردستانە کە دۆخی خەڵک زۆر خراپەو بە پێی ئەو ئامارانەی کە بڵاو دەکرێنەوە زیاتر لە ٢٥ کەس لەو شارە تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون و چەند کەسێکیش گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ هەینی، ١٦ی ڕەشەمە، ژنێک بەناوی “شیوا بابامیری” بە هۆی کۆرۆناوە لە شاری سەقز گیانی لەدەست داوەو دەگوترێ دوو کەسی تریش لە سێڕای دوخانیات گیانیان لەدەستداوە.
جێی ئاماژەیە، دۆخی خراپی شاری سەقز و تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی مەترسیدار بووە هۆی ئەوەی کە پشووی ڕەسمی لە شاری سەقز ڕابگەیەندرێت و کەمپەینێکیش لە ژێر ناوی “پێشگیری لە کۆرۆنا لە سەقز” دەستی پێکردووە کە لە سەر دەستی چالاکانی مەدەنی و کەسانی دڵسۆز بەڕێوەدەچێ بە مەبەستی هاوکاری کردنی خەڵک و پێشگرتن لە ئەگەری زیاتر بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسەکە.
شایانی باسە لە فەرمانداریی ئەم شاری سەقز کۆبوونەوەیەک بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە گیراوە و، لەوێدا باسی ئیزۆلەکردنی شاری سەقز خراوەتە بەر باس؛ بەڵام بە چەند هۆکار ئەم باسە نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە. لە گرینگترین هۆکارگەلێک کەوا بەرپرسان بۆ جێبەجێ نەکردنی ئیزۆلەکە باسیان لێ کردوە ئەمە بووە کە شاری سەقز بە بۆنەی هەڵکەوتە جوغرافیاییەکەیەوە، پارێزگاکانی ورمێ و سنە پێکەوە دەلکێنێتەوە و پردی پێوەندیی نێوان ئەم ناوچانەیە و؛ هەر بۆیەش هاتوچۆکانیان قەدەغە نەکردوە و بە وتەی بەرپرسان ئەم بڕیارە لێکەوتەی خراپی ئابووری لێ دەکەوێتەوە. هەروەها یەکێکی تر لە هۆکارەکانیش ئەوە بووە کە توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵکی سەقزیان نییە و بۆیە هیچ هەنگاوێکی کرداری لەم بارەیەوە هەتا ئێستا هەڵنەهێندراوەتەوە.











