پێشمەرگەیەکی سەردەمی کۆماری کوردستان کۆچی دوایی کرد.
بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٨، حاجی “مەحموود ڕۆستەمپوور” خەڵکی گوندی “بێوران”ی سەردەشت کۆچی دوایی کرد.
حاجی مەحموود، یەکێک لە کەسە دیارەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان بوو و، هەر سێ سەردەمی حکوومەتی قاجار و پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی لە ئیران دیتوەو لە هەموو بزافەکانی ڕزگاریخوازی گەلی کورد، وەکوو شۆڕشی سمایل ئاغا ، شێخ مەحموود، کۆماری کوردستان و شۆڕشە ناوچەییەکان هەبووە و ڕووداو و قۆناغەکانی بۆ توێژەران و مێژوونووسان گێڕاوەتەوەو تۆمار کراون.
ناوبراو کەسێکی شارەزا بووە و زانیاری باشی لەسەر بنچینە و پێکهاتە و چۆنیەتی بڵاو بوونەوەی عەشیرەت و تایفەکانی موکریان هەبووە و لە بارەی چۆنیەتی گەشە کردنی شارو گۆندەکان و نەریت و کلتوری کوردەواری کەسێکی شارەزا بوو و هەروەها لە کاتێکدا کە خزمەتگوزاری تەندروستی و دەرمان کەم بووە کەسانێکی زۆر بۆ چارەسەر سەردانی ئەویان کردووەو لەبەر شارەزایی و لێهاتووی زۆرێک لە پزیشکان سوودیان لە ڕێنوێنییەکانی وەرگرتووە.
هەروەها لە بواری حەیران، لاوک، گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان کە لە ژێر مەترسی لە ناوچوون بوون ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو.
شایانی باسە، ناوبراو کەسێکی نیشتمانپەروەر، دڵسۆزی خاک و نەتەوەکەی و خۆشەویستی ناوچەی سەردەشت بوو و خزمەتێکی بەرچاویشی بە پاراستی شوناس و ناسنامەی کورد کردوە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، بەم بۆنەوە سەرخۆشی خۆمان لە بنەماڵەو هەموو خزم و کەسوکاری حاجی مەحموود ڕۆستەمپوور دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











