پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە شاری پیرانشار کۆچی دوایی کرد.
بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٨، “کەماڵ قادری” کوڕی ” عەبدولرەحمان” خەڵکی گوندی ” کوندرێ” سەر بە ناچەی لاجانی پیرانشار بەهۆی شێرپەنجە گیانی لەدەست دا.
ناوبراو پێشتر لە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشمەرگە بوو و دواتر بەهۆی هێندێک هۆکاری تایبەتی ژیانی خۆی دەگەڕێتەوە نێوخۆ، بەڵام لەسەر بیروباوەڕی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری بەردەوام دەبێت و تا دوا ساتەکانی ژیانی دڵی هەر بۆ خەبات و کوردایەتی لێی دەدا۰
کەماڵ قادری، لاوێکی ڕووح سووک و قسە خوش و لە بەر دڵان بوو کە وەک لاوێکی پێگەیشتوو و ئازادیخواز، سەرەتای ژیانی خەباتی سیاسی و شۆڕشگێری لە یەکیەتی لاواندا دەست پێکرد و بە سەخاوەتەوە بەشداری لە کار و هەڵسووڕانی سیاسی و خەباتی چەکداری کرد و پێشمەرگەیەکی جێگای باوەڕو متمانەی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بوو۰
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، بەم بۆنەوە سەرخۆشی خۆمان لە بنەماڵەو هەموو خزم و کەسوکاری کەماڵ قادری و دۆست و هاوڕێیانی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











