حیسابە بانکییەکانی چالاکێکی کرێکاری بە ناوی ” کامران ساختمانگەر” لە سنە بە بڕیاری دادگا ڕاگیراون.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، ماوەی دوو حەوتوویە تەواوی حیسابە بانکییەکانی ئەو چالاکە کرێکاریەی خەڵکی سنە بە بڕیاری دادگا ڕاگیراوە.
ناوبراو کە تووشی نەخۆشیی گورچیلە بووە، گوتی : لە ماوەی سێ مانگی دەسبەسەرکرانم بنەماڵەکەم لە ژێر توندترین گوشاری ماڵیدا بوون ، هەروها لە زینداندا بە خراپی تووشی نەخۆشی گورچیلە بوومەوەو بە پێی ئازمایشی پزیشکی بەهۆی دۆخی خراپی تەندروستیم پێویست بوو لە ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی زیندان چارەسەر وەربگرم.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە کاتی ئازادکرانم بە دانانی بارمتەو بە شێوەی کاتی، لە ماوەی دوو مانگدا لەگەڵ کێشەی ماڵی زۆر بەرەوڕووبوومەوە و بۆ دابین کردنی چارەسەرە دەرمانییەکانم بە ناچاری کەلوپەلە کەسییەکانم فرۆشتووە.
باسی لەوەش کرد، لەگەڵ هەموو کێشەو گرفتە ئابووریەکان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆناو خراپ بوونی دۆخی خراپی ژیانی خەڵک لە ڕێگای بانکەوە ئاگادار کرامەوە کە تەواوی حیسابی من و بنەماڵەکەم کە بڕی ٥ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن لە حیسابی کەسیی مندا بووە، بە نامەو بڕیاری دادگا لە تاران لە ڕێکەوتی ٢٧/١١/٩٨ بە دروست کردنی سیناریۆیەکی ساختە داخراوە.
هەروەها گوتی ئەوە لە کاتێکدایە کە من دانیشتووی سنەم و تا ئێستا قەرزداری هیچ کەس و لایەنێک، یان ئیدارەی دەوڵەتی و بانکەکانی ئێران نیم.
شایانی باسە،ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی خەرمانانی ٩٨، لە پێوەندی لەگەڵ چالاکییەکانی بۆ پشتیوانی لە مافی کرێکاران لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە لە شاری سەقز دەسبەسەر کراو، ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی ڕەزبەر، دوای تەواو بوونی لێکۆڵینەوە بە قەراری بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ڕەوانەی زیندانی ناوەندی سنە کرا.
ناوبراو لە ڕۆژی دووشەممە، ٤ی سەرماوەز بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی تا کاتی داداگایی کردنەکەی لە زیندانی سنە ئازاد کرا.











