دە هاووڵاتی دەسبەسەرکراو لە شارەکانی سنە و دێولان پاش کۆتایی لێپێچینەوە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و دێولان بە شێوەی کاتی و هەتا کاتی دادگایی کردن بە دانانی بارمتە ئازادکران.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان، لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا دە بەندکراو لە سنە و دێولان بە ناوەکانی، “سیروان ڕەحیمی”، ” سابیر قادری”، “سیرووس عەبباسی”،” ئازاد عەبباسی”،”فەریدە وەیسی”،” زینەت ئیسماعیلی”،”فەردین مرادی”،”گۆران یوسفی”،”مادح ئەحمەدی” و ئەکبەر گوێلی”، پاش تەواوبوونی لێپێچینەوەکانیان بەدانانی بارمتە ئازاد کراون.
لەنێو ئەو کەسانەدا سیروان ڕەحیمی ڕۆژی ٦ی ڕەزبەری ٩٨ لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی دێولان و سابیر قادریش ڕۆژی دووشەممە ١٨ی سەرماوەز لە شاری سنە دەسبەسەر کرابوون.
هەروەها ئەکبەر گوێلی لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەز لەدوای چوونی بۆ دادگای شاری سنە دەسبەسەردەکرێ و گۆران یوسفی لە کۆتاییەکانی بەفرانبارو و مادح ئەحمەدی لە ڕۆژی هەینی ١٣ی بەفرانبار لە شاری سنە لە لایەن بەکرێگیراوانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە قۆلبەست کرابوون.
بە پێی ڕاپۆرتی ماف نیووز، سیرووس عەبباسی و هاوژینەکەی فەریدە وەیسی لە ڕۆژی سێشەممە٢٤ی بەفرانبار لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری دێولان لە شوێنی کارکردنیان لە ناوەندی فێرکاری”زانست” دسبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە کران.
دوابەدوای گیرانی سیرووس عەبباسی براکەی ئازاد عەبباسی پاش وەداواکەوتنی هۆکاری گیرانی برا و براژنەکەی، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولانەوە دەسبەسەر دەکرێ.
هەروەها ڕۆژی ٢ی بەفرانبار فەردین مرادی چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە قۆڵبەست دەکرێ و زینەت ئیسماعیلیش لە ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی ڕەشەمە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی سەرکوتی ڕێژیم لە دێولان دەسبەسەر و ڕەوانەی شاری سنە دەکرێ.
ئەو هاووڵاتییانە هەرهەموویان بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان دەسبەسەرکران و پەڕاوی قەزاییان بۆ ئامادەکراوە.











