ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە ڕۆژانی پێشوودا، داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردوە کە سەبارەت بە سێ بنکەی وزەی ناوکی کە بە شێوەی نهێنی کاری تێدا دەکا، هاوکاریی ئاژانس بکا.
مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو، “بنیامین ناتانیاهوو” سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل چەندین فایل و بەڵگەی ئاشکرا کرد کە کۆماری ئیسلامی بەشێوەی نهێنی خەریکی کار و بەرنامەی ناوکییە و هاوکاریی ئاژانسی وزەی ئەتۆم ناکات. دواتر وڵاتی ئیسراییل ڕایگەیاند کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە تاران، بە شێوەیەکی نایاسایی و نهێنی خەریکی کۆکردنەوەی ئورانیۆمە.
“یووکیوو ئامانۆ” بەرپرسی پێشووی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، هەر ساڵی ڕابردوو داوای لە کۆماری ئیسلامی کردبوو کە ڕێگە بدەن پشکێنەرەکانی ئاژانس، سەردانی بنکەی “تورقوزاباد” بکەن. بەڵام کۆماری ئیسلامی هیچ هاوکارییەکی ئاژانسی نەکردوو و نە تەنیا ڕێگەی بە پشکێنەرەکان نەدا، بەڵکوو لەو پێوەندییەدا هیچ زانیارییەکیشی بە ئاژانس نەدابوو.
ئەمساڵیش ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی سێ بنکەی هەیە کە خەریکی پیتاندن و کۆکردنەوەی ئورانیۆمە. “ڕافائێل گرووسی”، بەرپرسی نوێی ئاژانس باسی لەوە کردوە کە ڕێژیمی ئێران پێنج هێندەی ڕادەی ڕێگە پێدراو، ئورانیۆمی پیتێندراوی هەیە و ئەو ڕێژیمە دەتوانێ چەکی ناوکی دروست بکا کە دەبێتە مەترسییەکی جیددی بۆسەر ئاسایشی جیهان.
لە درێژەدا ئاژانسی وزەی ناوکی داوای لە ئێران کردوە کە هاوکاریان بکا، بەڵام کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بەو شێوەیە وڵام دەدەنەوە کە دەکرێ بڵێین ئەو ڕێژیمە هیچ وڵامێکی نییە لە ڕاستیدا بیانوو دێنێتەوە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارەتییەکەی. هەر لەو پێوەندییەدا، “بێهرووز کەماڵوەندی”، ڕاوێژکاری ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیم ڕۆژی چوارشەممە ١٤ـی ڕەشەمە لە وڵامی پرسیارێکدا ڕایگەیاند کە:” ئاژانسی وزەی ناوکی مافی پشکنینی لە کاتێکدا هەیە کە بەڵگەکانی ڕاست و دروست بن”. هەروەها لە درێژەدا زیادی کرد:” هۆکاری بەهێزتر و قایمترمان هەیە بۆ وڵام نەدانەوە بە ئاژانسی وزەی ناوکی و داواکارییەکەی ئاژانس شتێکی سەرەکی نییە”.