گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەڵێ، داعش تێک شکاوە، بەڵام تەواو نەبووە و پابەندین بە هاوکاریکردنی هاوبەشەکانمان بۆ لەنێوبردنی داعش. هەروەها دەڵێت هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دەمێنێتەوە و ڕاهێنان بە پێشمەرگە بەردەوام دەبێ.
بەپێی هەواڵی تۆڕی میدیایی ڕووداو”مایڵر کاگینز” دەڵێ سەرەڕای پێخۆشبوون و هەڕەشە و گوڕەشەی کۆماری ئیسلامیی ئیران و گرووپە شیعەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە عێراقدا بۆ چوونە دەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەتی، ئێمە لەو وڵاتەدا دەمینینەوە و پاڵپشتی هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان لە عێراق و بە تایبەت کوردەکان دەکەین.
شایانی باسە کە گرووپە شیعەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی وەکوو موقتەدا سەدر و قەیس خەزعەلی و چەند گرووپ و لایەنی شیعەی دیکە بەردەوام هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا دەکەن و داوای چوونە دەرەوەیان لە عێراق دەکەن بە تایبەت دوای کوشتنی قاسم سلێمانی بەدەستی ئەمریکا لە عێراقدا ئەو هەوڵانە زیادی کردوە.