شەڕ و لێکدان لە نێوان پەرلەمانتارانی ئاکەپە و جەهەپە لە نێو پەرلەمانی تورکیە ڕوویدا، پاش ئەوەی ناکۆکی لە نێوانیاندا دروست بوو لە میانەی دانیشتنێک بۆ تاوتوێکردنی شەڕی ئیدلبی سووریە.
پەرلەمانتارە تورکەکان دوێنێ چوارشەممە بە چەپـۆک و مست هاویشتن کەوتنە گیانی یەکتر پاش ئەوەی” ئەنگین ئۆزکۆچ “پەرلەمانتاری جەهەپە وتارێکی خوێندەوە و تیایدا ڕەخنەی تووندی لە ” ئەردۆغان “سەرۆک کۆماری تورکیە گرت لەسەر شەڕی ئیدلبدا.
ناوبراو هەر کە وتارەکەی تەواوکرد، ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئاکەپە هێرشیان بۆ برد و لە بەرامبەردا پەرلەمانتارەکانی جەهەپەش هاتن بەرگری لە ئەنگین بکەن و شەڕەکە گەورەبوو بە ڕادەیەک چەند پەرلەمانتارێک کەوتنە ژێر پێیان.
جێی ئاماژەیە لەشکری تورکیە بەهۆی ئەم شەڕەی ئیدلب زیانێکی گیانی زۆری بەرکەوتووە و بە تایبەتی پـێنجشەممەی ڕابردوو کە بە هۆی هێرشی هێزەکانی سەر بە بەشار ئەسەد لە باکوری ڕۆژئاوای سوریە ٣٣ سەربازی تورک کوژران. دەوڵەتی تورکییەش بۆ تۆڵە ئەستاندنەوە هێرشی کردە سەر پێگەی هێزەکانی دەوڵەتی سووریە و بەوتەی کاربەدەستانی تورکیە، زیاتر لە ٢٠٠ سەربازی سورییەیان کوشتوە.