خاتوو “توران فیرووزی” خوشکی شەهید “شاپور فیرووزی” شەهیدی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد.
بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٨، خاتوو “توران فیروزی”، خوشکی شەهیدی سەربەرزی دێموکرات ” شاپوور فیروزی” بەهۆی نەخۆشی لە شاری ئیسفەهان کۆچی دوایی کرد.
خاتوو “توران فیروزی” خاتوونێکی دیاری نێو بنەماڵەکەی و کەسێکی نیشتمانپەروەر و کورد خۆشەویست بوو کە تا دوا ساتەکانی ژیانی دڵی بۆ ئازادی و سەربەستی گەلەکەی لێی دا.
هەروەها شەهید “شاپوور فیروزی” برای گەورەی خاتوو توران، یەکێک لە ڕێبەرو فەرماندە ناودارەکانی گەلی کورد و حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو کە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران یەکێک بوو لە تێکۆشەرەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوبراو فەرماندەی هێزی بێستوونی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو کە لە ٥٩ عەمەلیاتی پێشمەرگانە بە تۆڵەی ٥٩ لاوی ئێعدام کراوی شاری مەهاباد فەرماندەیی کردوە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە، بە بۆنەی کۆچی ناوادەی خاتوو “توران فیروزی”یەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵە و کەسوکاری لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە تایبەت بنەماڵەی سەربەرزی فیروزی و مەنووچێهری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











