سەرۆکی مەجلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە ئامارەکانی پێوەندیدار بە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئێران بە شێوەی دەقیق و ڕاست بڵاو نابێتەوە.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١٣ـی ڕەشەمە ، “مەسعوود پزیشکیان” کە لە دەوڵەتی خاتەمیدا وەزیری تەندروستیی ئێران بوو، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییەکی ئێرانی ڕایگەیاند کە ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەی دروست و دەقیق بڵاو نابێتەوە.
“عەلیڕەزا ڕەییسی”، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٣ـی ڕەشەمە، ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای ٢٣٣٦ کەس ڕاگەیاند کە ٧٧ کەس لەوانە گیانیان لەدەست داوە.
مەسعوود پزشکیان لەو بارەوە دەڵێ:” ئامارێک کە وەزارەتی تەندروستیی ئێران بڵاوی دەکاتەوە ڕاست نییە. دوای تاقیکاریی ڤایرۆسەکە بۆ ئەندامانی پارلەمانی کۆماری ئیسلامی، دەرکەوت کە چەند کەسێکیان تووشی کۆڕۆنا بوون. “.
بە پێی دوایین ئامارەکان لە دۆخی نوێنەرانی مەجلیس، ٢٣ کەس لەوان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و بە بڕیاری شۆڕای بەرزی ئەمنییەت و ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ کۆرۆنا ئیجازەی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیان نییە و تەعتیل کراوە.
ناوبراو لە بەشێکی تری قسەکانی دا گوتی: ئەگەر لە جێگای وەزارەتی تەندروستی بووایەم، هەر ڕۆژی یەکەم شاری “قوم” م قەرەنتینە دەکرد.
پزیشکیان هەروەها داواکاری ڕووبەڕووبوونەوەی شێلگیرانە و نیزامییانە لەگەڵ ئەو بابەتە بوو و گوتی : “ئێستا نەخۆشخانەکان شوێنیان بۆ نەخۆشەکان نەماوەو ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێ”.
لە لایەکی تریش ” شهابالدین بیمقدار”، نوێنەری تەورێز لە مەجلیس ڕۆژی سێشەممە لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵدەری ئیلنا ڕایگەیاند، “کەمتەرخەمی لە پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی ئەو نەخۆشیە” یەکێک لە هەڵەکانی تری دەسەڵاتدارانی وڵات بوو.
هەروەها گوتی: ئەگەر شاری قوم قەرەنتینە کرابا بەو شیوەیە ئەو ڤایرۆسە تەشەنەی نەدەکرد،ئەی بۆچی بۆ پارێزگاکانی تر و تەنانەت وڵاتانی دراوسێی قومیش ئەو ڤایرۆسە تەشەنەی نەکردوە؟