خۆپێشاندەرانی عێراقی لەسەر داوای مافەکانیان بەردەوامن و هەر بەو هۆیەوە خۆپێشاندانی بەربڵاو ڕێکدەخەن و دەکەونە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە.
ڕۆژی سێشەممە ١٣ـی ڕەشەمە، خۆپێشاندەرانی عێراقی لە بەغدا، بێ وەبەرچاوگرتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و مەترسییەکانی، لە گۆڕەپانی “خلان”ـی شاری بەغدا دەستیان دایە خۆپێشاندان و هێزە چەکدارەکانیش تەقەیان لە خەڵکی ناڕازی کرد و لە ئاکامدا ٤٣ کەس لە خۆپێشاندەران بریندار بوون. بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، زۆربەی برینداربووان تووشی تەنگیی هەناسە بوونە و بە ئاسایی ناتوانن هەناسە بدەن. هەر بۆیە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی بەغدا کراون.
شایانی باسە کە ئەندامێکی باڵای کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بەناوی “فازڵ عەلەوی” ڕایگەیاندوە کە لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانەوە کە لە ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێکردوە، ٥٥١ کەس لە خۆپێشاندەران کوژراون و نزیک بە ٢٥ هەزار کەسیش بریندار بوونە. هەروەها ناوبراو باسی لەوەش کرد کە ٥٨ جار هەوڵی تێرۆری خۆپێشاندەران و چالاکان دراوە و ٧٣ چالاکی عێراقی ڕفێندراون.
خۆپێشاندانەکانی عێراق زیاتر لە شاری بەغدا و گۆڕەپانی تەحریر بەڕێوە چووە و داواکاریی سەرەکیی خەڵکی ئەو وڵاتە، گەیشتن بە مافەکانیانە کە یەکێک لە دروشمەکانیان چوونە دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە وڵاتەکەیان. خۆپێشاندەران دەڵێن کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەست و پێوەندییەکانی لە عێراق، بۆتە هۆی پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەیان و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی دەوڵەتی عێراق.