دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، کاربەدەستانی حکوومەتی چین داوایان لە خوێندکارانی چینی کرد کە شاری قوم بەتایبەتی و ئێران بە گشتی بەجێ بێڵن.
ڕۆژی سێشەممە ١٣ـی ڕەشەمە، ڕۆژنامەی “گڵۆباڵ تایمز” لە سەر زاری کاربەدەستانی “چین”ەوە ڕایگەیاندوە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، شارۆمەندانی چینی و خوێندکارانی ئەو وڵاتە ئێران بەجێ بێڵن.
هەر بەو بۆنەوە، دەوڵەتی چین بڕیاری داوە خوێندکارەکانی کە لە شاری قوم خەریکی خوێندنن، بگوازێتەوە بۆ چین. پێشتر ڕاگەیاندنەکانی چین بڵاویان کردبووەوە کە نزیک بە ٧٠٠ خوێندکاری چینی لە زانکۆکانی شاری قوم خەریکی خوێندنن.
جێگەی ئاماژەیە کە بڕیارە خوێندکارە چینییەکان دوای گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان، بۆ ماوەی دوو حەفتە لە قەرەنتینەدا بن تاکوو پشکنینیان بۆ بکرێ و لە ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرمان بکرێن. بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ٢٣٣٦ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوونە و ٧٧ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
ئەو ڤایرۆسە سەرەتا لە وڵاتی چینەوە سەری هەڵدا و دەگوترێ کە بەهۆی هاتوچۆی فڕۆکەکانی کۆمپانیای “ماهان” ، ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە وڵاتی ئێران و لە ماوەیەکی کەمدا بەشێوەیەکی بەربڵاو خەڵکی ئێرانی تووشی ئەو ڤایرۆسە کوشەندەیە کردوە.