لە کاتێکدا ژمارەی ئەو وڵاتانەی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنایان تێدا تۆمار کراوە گەیشتووەتە ٧٠ وڵات، ڕێژەی تووشبووان بەو نەخۆشییە لە چین کەم بۆتەوە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان ئاماری قوربانیانی کۆرۆنا لە ئێران بەرز بووەتەوە و ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەست داوە گەیشتووەتە ٤٥٦ کەس و ٢٣ پارێزگای ئێرانی گرتووەتەوە، لە حاڵێکدا کۆماری ئیسلامی پاش خوڵقاندنی ئەم کارەساتە هێشتا بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی ئامار و زانیاری درۆ و ناڕاست لەسەر قوربانیانی ئەم نەخۆشییە.
جێگری سەرۆکی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی ڕێژیم “عەبدولڕەزا میسری” ڕایگەیاند کە ٢٣ نوێنەری مەجلیس تووشی کۆڕۆنا بوون و نوێنەرانی مەجلیس نابێ بە هیچ شێوەیەک لە خەڵک نیزیک ببنەوە.
ڕاگەیەندنەکانی کۆماری ئیسلامی ئاماری ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەست داوە بە ٧٧ کەس ڕاگەیاندوە لە حاڵێکدا کە زانیاری ڕاست و دروست بەشێکی گرینگە لە پێشگرتن بەم نەخۆشییە .
ژمارەی حاڵەتە نوێیەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین ڕۆژی سێشەممە جارێکی دیکە کەم بووەوەو بە شێوەیەک کە تەنیا ١٢٥ حاڵەت بە حاڵەتەکانی پێشوو زیاد کرا. ئەوە لە کاتێکدایە ڕۆژانی پێشتر بە شێوەی نێونجی ڕۆژانە ٢٠٢ کەس تووشی ڤایرۆسەکە دەبوون.
بەرپرسانی چین بە دڵخۆشییەوە لە کەمبوونەوەی ڕێژەی تووشبووانی کۆڕۆنا دەڕوانن. ژانگ جون باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە بەربەرەکانی لەگەڵ ڤایرۆسی کۆڕۆنا سەرکەوتوو بووە و ئێستا لەگەڵ سەرکەوتنی کۆتایی مەودایەکی زۆرمان نییە.