باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی، “قادر ڕەحیم زادە” باوکی شەهید “سمایل ڕەحیم زادە” ناسراو بە مامۆستا “ئازاد”، کۆچی دوایی کرد.
قادر ڕەحیم زادە پیاوێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی ڕێبازی کوردایەتی و حیزبی دێموکرات و کەسێکی خۆشناوی شاری بۆکان بوو.
مام قادر کوڕێکی بە ناوی مامۆستا ئازاد لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا لە چیای “قوشەهوو” لە شەڕێکی قارەمانانەدا شەهید بوو و چووە نێو ڕیزی کاروانی شەهیدانی سوورخەڵاتی گەلەکەمانەوە. شەهید ئازاد کادرێکی بە توانا و لێوەشاوەو و ئەندامی کۆمیتەی شارستانی بۆکان بوو و لەهیچ ئەرک و مەئمووریەتێکی حیزبی درێغی نەدەکرد.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی ناوبراو و خزم و کەسوکاری و هاوڕێی پێشمەرگەمان کاک دیاکۆ دانا دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











