ڕووسیە تورکیەی بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند کە پێچەوانەی ڕێککەوتنەکان لەبری ئەوەی ناوچەیەکی ئارام لە ئیدلب دروست بکات، هاوکاریی تیرۆریستان دەکا.
وتەبێژی وەزیری بەرگریی ڕووسیە لە وتووێژێکدا لە گەڵ ئاژانسی “ئاڕ ئای ئەی” وتی : “تیرۆریستەکان تێکەڵی یەکە سەربازییەکانی تورکیە بوون لە ئیدلب و ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر بنکەی ئاسمانیی “حومەیمیم” کە سەربازەکانی ڕووسیی لێ جێگیر کراون و تورکیەش بە ناردنی هێزی سەربازی وڵاتەکەی بۆ ئیدلب یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردوە”.
بڕیارە سبەی پێنجشەممە، “ڤێلادیمێر پوتین”، سەرۆکی ڕووسیە و “ڕەجەب تەییب ئەردۆغان”، سەرۆکی تورکیە لەبارەی ڕەوشی ئیدلب کۆببنەوە.
شەڕی نێوان تورکیە و دژبەرانی ڕێژیمی ئەسەد لە وڵاتی سووریە دژی سپای ئە وڵاتە بەردەوامە و دوێنێ سێشەممەش، فڕۆکەیەکی شەڕکەری سووری لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیەوە خرایە خوارەوە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دوو وڵات تا دێت قووڵتر دەبنەوە.