پەناخوازان کە دوای کرانەوەی دەروازەکان بەرەو یوونان بە کۆمەڵ ڕوویان کردە ئەو وڵاتە، ئێستا لە دۆخێکی زۆر دژوار دان.
دوای هەڕەشەکانی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان لە یەکیەتیی ئورووپا، بۆ گەیشتن بە ویستەکانی خۆی دەرگاکانی بە ڕووی کۆچبەراندا کردەوە و لە ماوەیەکی کەمدا دەیان هەزار کۆچبەر ڕوویان لە سنوورەکانی یوونان کرد.
کۆچبەران هەر لە یەکەم هەنگاودا لەگەڵ دژکردەوەی توندی پۆلیسی یوونان بەرەوڕوو بوونەوە و بە گازی فرمێسکڕیژ و لێدان و پێدادان بەشێکیان ڕەوانەی سنوورەکانی تورکیە کرانەوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیەش ئیزنی گەڕانەوەی پێنەدان و ئێستا لە نێوان پۆلیسی دوو دەوڵەت دا گیریان کردوە.
گرفتێکی دیکەی کۆچبەران ئەوەیە کە خەڵکی زۆری یوونان وێڕای پۆلیسی ئەو وڵاتە بەگژ پەناخوازاندا هاتوونەوە و ناهێڵن بچنە وڵاتەکەیان و هەر لە هەمان کاتدا لە چەند دورگەیەکی ئەو وڵاتە خۆپێشاندانیان ئەنجامداوە و داوا دەکەن کە هیچ کامپێکی پەنابەری لە دورگەکانی ئەو وڵاتە بۆ کۆچبەران ساز نەکرێ.
دەوڵەتی یوونان هەر لە سەرەتای چوونی کۆچبەران بۆ نێو خاکی وڵاتەکەیان، پەنجا کەشتی شەڕکەر و هەزاران پۆلیسی ڕەوانەی سنوورەکان کردوە.
سەرۆک وەزیرانی یوونان لە ئاخیرین لێدوانیدا ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی بە قاچاخچی ئینسان ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئەردۆغان بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی لە ئیدلبی سووریە بڕیاری کردنەوەی دەروازەکانی داوە.
لەگەڵ ئەوەی کە یەکیەتیی ئورووپا سەرقاڵی کۆبوونەوەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆچی بە لێشاوی پەناخوازان بەرەو ئورووپا، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ پەنادان و نەجاتی ئەو کۆچبەرانە بەدی ناکرێ .