یەکێک لە زیندانیانی بەندیخانەی ورمێ دوای گومان کردن لە هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان گوازرایەوە.
ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی، “سەلمان سلێمان نژاد “، بە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندی ٣و ٤ی زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان گوازرایەوە.
جێی ئاماژەیە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو چەند بەندییەکی تر لە زیندانی ورمێ بە گومانی هەبوونی ئەو ڤایرۆسە بۆ دەرەوە گوازراونەوە.
ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٨، زیندانییەک بە ناوی “محەممەد قەنبەردوست” کوڕی “ئەبووبەکر” لە بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ و ڕۆژی هەینی، ٩ی ڕەشەمەی ٩٨، زیندانییەکی تر بە ناوی “مەهدی ڕەسووڵی”، لەگەڵ دوو زیندانیی دیکە لە بەندی لاوانی زیندانی ورمێ وهەروەها، ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی ڕەشەمەی ٩٨، یەکێک لە زیندانییانی بەندی ١٤ بە ناوی “ڕەشید” بە گومانی هەبوونی ئەو ڤایرۆسە بۆ دەرەوەی نەخۆشخانەی زیندان گوازراونەوە.
شایانی باسە، ماوەی چەند ڕۆژێکە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین و مەترسی هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندیخانەکاندا، بەشێک لە زیندانییانی سیاسیی مانیان لە خواردن گرتووەو لە لایەکی تریش بنەماڵەی ئەو زیندانییانە لەبەردەم زیندانی ورمێ کۆبوونەوەو داوای ئازاد کردن یان مەرەخەسی بۆ ڕۆڵەکانیان دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە “ڕەئیسی”، سەرۆکی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لە بڕیارنامەیەکدا مافی مەرەخەسی بە بەشێکی زۆر لە زیندانیان داوە، بەڵام زیندانیانی سیاسی و ئەو بەندکراوانەی کە کۆماری ئیسلامی تۆمەتی چالاکیی دژی ئەمنییەتی وڵاتی داونەتە پاڵ و بە زیندانییە ئەمنیەتییەکان ناویان دەبا، ئەم بڕیارە نایانگرێتەوە .











