ڕۆژی یەکشەممە ١١ی رەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی، خوسرەو شێخ محەممەدی برای شەهید جەواد شێخ محەممەدی، بە کارەساتێکی دڵتەزێن کۆچی دوایی کرد.
خوسرەو شێخ محەممەدی کوڕی عەزیز، ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش و نیشتمانپەروەری شاری مەهاباد چاوی بە ژیان هەڵێنا و هەر لە تەمەنی مێر منداڵییەوە شانی داوەتە بەر کار و کاسبی و ڕۆژی ١١ی ڕەشەممە لەبەر دەرگای ماڵی خۆی دەکەوێتە ژێر ماشێن و گیان لەدەست دەدات.
خوسرەو شێخ محەممەدی کەسێکی خۆشناو و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و کوردێکی نیشتمانپەروەر بوو کە تا دواهەناسەکانی ژیانی دڵی بۆ ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەکەی لێی دا و بەو ئاواتەشەوە سەری نایەوە.
شایانی باسە، جەواد شێخ محەممەدی برای کۆچکردوو خوسرەو شێخ محەممەدی، کادری لێهاتووی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆمیتەی شارستانی مەهاباد، ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە گوندی “ئەسحاب”ی ناوچەی مەنگوڕایەتی مهاباد، کەوتە کەمینی هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شەهید بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی “شێخ محەممەدی” بە گشتی و بنەماڵەی کۆچکردوو بە تایبەتی و سەرجەم خزم و دۆستانی دەکا و بەشداری خەمیانە.











