خوشکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی سەردەشت کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی، خاتوو “خەدیجە دیدەبان” خوشکی دوو شەهیدی حیزب و خەڵکی گوندی “دۆڵەتووی” ناوچەی سەردەشت کۆچی دوایی کردوە.
خاتوو خەدیجە دیدەبان ژنێکی نەترس و ئازا و نیشتمانپەروەر بوو، ژنێکی پێشمەرگە خۆشەویست و هەمیشە هاوکاری پێشمەرگەکانی حیزب بوو و بە هەموو وجوودیەوە حیزب و پێشمەرگەی خۆشدەویست و هەتا کۆتایی تەمەنی وەفاداری ڕێگەی برا شەهیدەکانی بوو.
دوو برای خاتوو “خەدیجە دیدەبان” بە ناوەکانی “محەممەد و حاجی دیدەبان” لە دوو دەورانی حکوومەتی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا شەهید بوون.
شەهید” محەممەد دیدەبان” لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ لە بەندیخانەی جەڵدیان دوای ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر لە لایەن جەللادەکانی ڕێژیمی “حەمەڕەزا شا”وە شەهید کرا و حاجی برای لە دەورانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا شەهید بوو.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی بەڕیزی خاتوو خەدیجە دیدەبان و خزم و کەسوکاری و خەڵکی گوندی دۆڵەتوو دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











