دوای کرانەوەی دەروازەکانی تورکیە بۆ پەناخوازان، کۆچبەرێکی زۆر بەرەو سنوورەکانی یونان کەوتنە ڕێ، بەڵام لە سنوورەکان گیریان خواردووە.
دوای کوژرانی چەند سەربازێکی سپای تورکیە لە لایەن دەوڵەتی سووریەوە و شکستی هێزەکانی دژبەری دەوڵەتی ئەسەد و سەر بە حکوومەتی تورکیە، ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیە بۆ وەرگرتنی باج لە یەکیەتیی ئورووپا، بڕیاریدا کە بە لێشاو پەنابەر ڕەوانەی ئورووپا بکا و بەو هەڕەشەیە یەکیەتیی ئورووپا تەسلیمی ویست و داواکارییەکانی خۆی بکا.
پەناخوازان کە ساڵانیکە لە وڵاتی تورکیە لە چاوەڕوانی وڵاتێکی ئەمندا ژیانێکی سەخت تێپەڕ دەکەن، لەو دەرفەتە کەڵکیان وەرگرتوو ڕێگای یونانیان گرتە بەر کە هەر لە یەکەم هەنگاودا لەگەڵ دژکردەوەی پۆلیسی یونان بەرەوڕوو بوون و بە گازی فرمێسکڕێژ پێشیان پێگرتن.
لەگەڵ ئەوەی کە تا ئێستاش پەنابەران منداڵەکانیان لە ئاوی دەریای ئیجە دەدەن و ڕوو لە خاکی یونان دەکەن، بەڵام پۆلیسی یونان و یەکیەتیی ئورووپا ڕێگەیان پێنادەن کە بەرەو وڵاتانی ئورووپایی بکەونە ڕێ و ئێستا بەم هەوا سارد و بارانە ژیانێکی سەخت و ئەستەم لە سنوورەکانی تورکیە و یونان تێپەڕ دەکەن.
زۆر لە پەنابەران لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەگەر بگەنە یونان ئیتر کار تەواوە و و کۆتایی ڕێگەیە و ئاگاداری ئەوە نین کە لە یونانەوە ڕێگە بەرەو وڵاتانی ئورووپایی زۆر دوورتر و سەختترە و لەگەڵ ئەوەش ڕۆیشتنی بە لێشاوی پەنابەران بۆ یونان کارەکەی دژوارتر کردووە و هیچ ئاسۆیەک بۆ دەربازبوونیان بەدی ناکرێ.
پەناخوازان ئێستا بەهۆی برسیەتی و بێ پەنایی تووشی ژیانێکی سەخت و دژوار بوون و تا ئێستاش هیچ ناوەند و ڕێکخراوێکی مرۆیی بە هانایانەوە نەچووە و هیچ هاوکاری و یارمەتییەکیان بەدەست ناگا.