ڤایرۆسی کۆڕۆنا ماوەیەکە زۆربەی وڵاتانی جیهانیی گرتۆتەوە و خەڵکی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە و تا ئێستاش چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە.
ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەگەڵ ئەوەی کە لە وڵاتی چین سەری هەڵدا، بەڵام بەهۆی گەشتەکانی کۆمپانیای “ماهان”ی سەر بە سپای پاسداران و کەمتەرخەمی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، زۆر زوو لە هەموو ئێران بڵاو بۆوە.
سەرەتای دەرکەوتنی ڤایرۆسەکە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵوەگەڕی شۆڕشی گەلانی ئێران و هەڵبژاردنەکانی نوێنەرانی پارلەمانی ئێران و بۆ ئەو مەبەستەش کۆماری ئیسلامی بێ گوێدان بە باری تەندروستی و گیانی ئینسانەکان، ئەم ڤایرۆسەی ئاشکرا نەکرد بۆ ئەوەی خەڵک بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن کە ئەمەش بوو بەهۆی بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەموو ئێراندا.
هەر لە ئێرانەوە ئەم ڤایرۆسە بۆ چەند وڵاتی دیکە گوازرایەوە کە ئەمەش بوو بەهۆی داخستنی دەروازەکان و گەشتە ئاسمانییەکانی چەند وڵات بەڕووی ئێراندا.
لەگەڵ ئەوەی کە تا ئێستا لە لایەن دەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە ژمارەی قوربانییان ڕانەگەیەندراوە، بەڵام بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ زیاتر لە ٤٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
بۆ پێشگیری لەم ڤایرۆسە کوشندەیە ئەمریکا ویستی هاوکاری ئێران بکا بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم ڕەتیان کردەوە. ڕۆژی ڕابردوو ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی و چەند وڵاتێکی یەکیەتیی ئورووپا هەقی پێنج میلیۆن یۆرۆ دەرمان و کەلوپەلی پێویستیان ڕەوانەی ئێران کردووە.
کۆماری ئیسلامی تا ئێستا ژمارەی قوربانیانی ٦٦ کەس ڕاگەیاندووە، بەڵام ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاستییەکان لە خەڵک دەشارێتەوە.
لە ئێران خەڵکێکی زۆر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و کەمتەرخەمی بەرپرسان و دەزگا پێوەندیدارەکان بۆتە هۆی ئەوەی کە بەخێرایی پەرەبستێنێ و ئەمەش خەڵکی تووشی دڵەڕاوکێ و ترس و نیگەرانی کردووە و لە لایەکی دیکەوە ناڕەزایەتی و دەنگی خەڵک بەرزبۆتەوە و لە یەکێک لە شارەکانی ئێران ئاگریان لە نەخۆشخانەیەک بەرداوە و ناڕەزایەتییەکان لەسەر شاردنەوەی ڕاستییەکان و خەمساردی کاربەدەستان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرەدەستێنێ.