بنەماڵەی بەشێک لەو زیندانیانەی کە لە بەندیخانەی ورمێ بەند کراون، لەبەردەم بەندیخانەی ورمێ کۆبوونەوە و داوای پێدانی مەرەخسی بە ڕۆڵە بەندکراوەکانیان کرد.
ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی ڕەشەمە بەشێک لە بنەماڵەی زیندانیان لە بەندیخانەی ورمێ، بە هۆکاری نیگەران بوونیان لە مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆناو نەبوونی ئیمکاناتی تەندروستی لە زینداندا، داوای ئازاد کردن یان مەرەخەسی پێدان بە ڕۆڵەکانیان کرد.
نیگەرانییەکان لە بارودۆخی زیندانیان بەهۆی توشبوون بە نەخۆشیی کۆرۆنا لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە ئیمکاناتی پێشگیری و دەرمان نەک هەر لە زیندانەکان کە هیچ بایەخێک بۆ گیانی زیندانی داناندرێ، بەڵکوو لە دەرەوەی زیندانیش کەم و لاوازە.
بە پێی زانییاریە بڵاوکراوەکان باس لە بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا لە بەندیخانەکاندا دەکرێ و دەگوترێ کەسێکیش بە ناوی “فەریق محەممەدی” بەم هۆیە گیانی لەدەست داوە و هەواڵەکان باس لەوەش دەکەن کە لانیکەم پێنج کەس لە بەندیخانەی ورمێ تووشی ڤایرۆسەکە بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان ڕاگوێزراون.
“ڕەئیسی”، سەرۆکی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لە بڕیارنامەیەکدا بە ئاماژە بە مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەروەها ڕۆژە تایبەتە مەزهەبییەکان بەرپرسانی بەندیخانەکان و بەرپرسانی دادگاکانی کۆماری ئیسلامیی ڕاسپاردوە مافی مەرەخەسی بە بەشێکی زۆر لە زیندانیان بدرێ، بەڵام زیندانیانی سیاسی و ئەو بەندکراوانەی کە کۆماری ئیسلامی تۆمەتی چالاکیی دژی ئەمنیەتی وڵاتی داونەتە پاڵ و بە زیندانییە ئەمنیەتییەکان ناویان دەبا، ئەم بڕیارە نایانگرێتەوە .











