چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بەغدا ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی ڕەشەمەی ٩٨ی هەتاوی دوو مووشەک ئاڕاستەی ناوچەی سەوز کران و یەکێک لە مووشەکەکان لە نزیک باڵوێزخانەی ئەمریکا کەوتۆتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی لێنەکەوتووەتەوە.
تاوەکوو ئێستا باڵوێزخانەی ئەمریکا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەو بارەیەوە نەداوە و هاوکات دیار نییە کێ لەپشت هاویشتنی مووشەکەکانەوە بووە.
ئاڕاستەکردنی ئەو دوو مووشەکە چەند کاتژمێرێک بەر لە دەست لەکارکێشانەوەی محەممەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق بووە.
لە ٣مانگی ڕابردووەوە ئەمە ٢٠ـەمین هێرشی مووشەکییە دژ بە بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە عێراق ئەنجامدەدرێت. لە مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو مووشەکێک بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکای لە باکووری عێراق پێکا و کەسێکی ئەمریکایی کوژرا کە دواتر ئەمریکا بە تۆڵەی ئەو کارمەندە ئەمریکاییە قاسم سلێمانی و چەند کەسێکی دیکەی کوشت و تا ئێستاش لەدوای هەر هێرشێک کە بکریتە سەر ئەمریکاییەکان پەنجەی تۆمەت هەر بۆ کۆماری ئیسلامی درێژ دەکرێ.