خوشکی شەهیدێکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە ناوچەی سەقز بەهۆی نەخۆشیی کۆڕۆناوە کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتوە شەوی ١١ی ڕەشەمەی ٩٨ی هەتاوی خاتوو “زەینەب حیجازی” خەڵکی ئاوایی “ئایچی” بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە لە شاری سەقز کۆچی دوای کرد. ناوبراو خوشکی شەهید “محەممەد حیجازی” بوو کە یەکێک لە ئەندامە تێکۆشەر و چالاکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو.
شەهید محەممەد حیجازی کوڕی حاجی فەقێ عەبدوڵا خەڵکی ئاوایی ئایچی، ئەندامی حیزب بوو کە چالاکانە لەنێوخۆی وڵات خەریکی کاری حیزبی بوو. محەممەد حیجازی لەسەر کاری حیزبی کەوتە زیندانەوە و تووشی ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر بووە و دواتر بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەی جەلادەکانی ڕێژیمەوە، دوای چەند مانگ لە ئازادبوونی لە زیندان، گیانی لەدەستدا.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی خاتوو زەینەب حیجازی و خزم وکەس و کاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











