ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە ئێستا بە زۆر لە وڵاتانی جیهاندا بڵاوبۆتەوە، بۆتە مەترسییەکی جیددی بۆسەر گیانی خەڵک و بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە تا ئێستا بە هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی” تێدرۆس ئادهانۆم جیبریسیۆس” گوتی هەر وڵاتێک پێیوابێ کۆرۆنا ناگاتە وڵاتەکەی، ئەوا هەڵەی کوشندە دەکات.
هەروەها بەڕێوەربەری جێبەجێکاری بەرنامەی باری نائاسایی تەندروستی لە ڕێکخراوەکە وتی “ئێران کە ڕێژەی قوربانییەکانی دوای چین لە پلەی دووەمدایە، لەوانەیە ڕێژەی بڵاوبوونەوەی زۆر خراپتر بێت لەوەی لە ئێستادا هەیە “. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەروەها ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامارو زانیاری دروست لەسەر کۆرۆنا بۆ خەڵکەکەی بڵاو ناکاتەوە.
بەڕێوەربەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی وتیشی “دەبێت هیچ وڵاتێک ئەو ئەگەرە بەدوور نەزانێت کە وڵاتەکەی ئەو ڤایرۆسەی تێدا بڵاو نابێتەوە، ئەو جۆرە بۆچوونە هەڵەیەکی کوشندەیە.
تێدرۆس گوتیشی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و ئیتالیا و کۆرەی باشوور گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار، داوای لە وڵاتان کرد کە بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی هەوڵەکانیان زیاتر بکەن.
لە وڵامی پرسیارێکدا لەسەر ڕێژەی مردن کە لە ئێران بۆتە لەسەتا ١٠ لەنێوان توشبووەکاندا، بەڕێوەربەری جێبەجێکاری بەرنامەی باری نائاسایی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (مایک رایان) گوتی: “ئەوە ئاماژەیەکە کە ڤایرۆسەکە لەئێراندا بەشێوەیەک بڵاوبۆتەوە کە زۆر زیاترە لە ئامار و ڕاگەیاندنە فەرمیەکان وحکومەتی ئەو وڵاتە لەگەڵ خەڵکەکەیدا ڕاست نییە و ئامارەکان بە دروستی بڵاو ناکاتەوە.