ئەکبەر تورکان، ڕاوێژکاری بەرزی سەرکۆماری ئێران دەڵێ تۆڕی گەندەڵی خۆی خزاندۆتە هەموو کەلێنو کەلەبەرەکانی بەڕێوەبەریی وڵات.
تورکان دەڵێ ساڵانێکی زۆر هەوڵ درا نیزامی بازرگانیی بیانیی وڵات لە گەندەڵیی دەڵاڵەکان پاک بکرێتەوە، بەڵام دوای سەپاندنی گەمارۆکان دەوڵەت بۆ خۆی دەستپێشخەریی زیندووکردنەوەی ئەو تۆڕو ڕایەڵەی گەندەڵی بووە.
ڕاوێژکاری بەرزی حەسەن روحانی دەڵێ بەکارهێنانی ئەو تۆرە لە دەڵاڵەکان بۆ گواستنەوەی پوڵی نەوتو هێنانو بردنی کاڵاکان زۆر پێویست بوو، چونکی مامەڵەو بازرگانیی ڕاستەوخۆ بەڕووی ئێراندا داخرابوو. ئەو دەڵێ ئەو دەڵاڵو مافیاو بازرگانەی پێشتر ئیدارەی ئیتلاعاتو ناوەندەکانی چاوەدێری بە دوویانەوە بوون، لەپڕ بەرزو بەڕێز کرانو هاتنە نێو مامەڵەکانو ئەوەش گەندەڵییەکی کەم وێنەی بەدووی خۆیدا هێنا.
ئەکبەر تورکان دەڵێ بابەک زەنجانی تەنیا ئاڵقەیەک لە زنجیری دەڵاڵی لە ئێران لە کاتی گەمارۆکانە. ئەو دەڵێ بابەک زەنجانی کەس و تاکێک نییە، بەڵکوو ڕەوتێکە، دەنا چۆن دەکرێ بە میلیارد دۆلار نەوت بدرێتە یەک کەس؟ ئەو زنجیرەیەکە کە لە نێوخۆی وڵاتەوە دەست پێدەکاو لە دەرەوەی وڵاتیش درێژەی دەبێ، واتە بابەک زەنجانی هەموو شتێک نییەو هەموو هەوڵەکان ئەوەیە بابەک زەنجانی بمێنێو لە زینداندا نەکوژرێ، چونکی لە نەبوونی ئەودا هەموو سەرەداوەکان لە نێو دەچێ.
تورکان دەڵێ دوای لابردنی گەمارۆکانیش ساڵانێکی زۆر کات پیویستە تا ئەو ڕایەڵە گەندەڵەی دەڵاڵی لە ئابووریی ئێراندا خاشەبڕ بکرێ.