کۆماری ئیسلامیی ئێران خێراتر و زیاتر لە پێشوو ئەو ئەفغانیانە ڕەوانەی وڵاتی ئەفغانستان دەکاتەوە کە چەند ساڵێکە وەک پەنابەر لە ئێران ژیان بەسەر دەبەن.
پاش ئاشکرابوون و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران و گیان لەدەستدانی سەدان کەس و تووشبوونی هەزاران کەس بەو نەخۆشیە بەهۆی سیاسەتی چەواشەکارانە و درۆکانی کۆماری ئیسلامی و شاردنەوەی ڕاستییەکان، ئێران بۆتە یەکێک لە هەناردەکەرانی ئەو نەخۆشیە بۆ وڵاتانی دیکەش.
کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای قۆرخکردنی دەسەڵاتەوە لە ئێران نیشانیداوە کە هیچ بایەخێک بۆ مرۆڤایەتی و گیانی مرۆڤەکان دانانێ و بۆ مانەوەی خۆی ئامادەیە هەموو خەڵک بکاتە قوربانی. یەکێک لە تازەترین چەواشەکارییەکانی ئەو ڕێژیمە شاردنەوەی ڕاستییەکان بوو سەبارەت بە کۆرۆنا و ئاشکراکردنی لەدوای هەڵبژاردنەکان بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکەیان لە پاش بەشدارینەکردنی خەڵکی ئێران لەو بە ناو هەڵبژاردنانەدا.
یەکێک لەو ڕێکارانەی کە گرتوویەتییە بەرهەناردەکردنی کۆرۆنایە بۆ وڵاتانی دیکە و لە تازەترینیشیاندا هەناردنەوەی بە لێشاوی ئەفغانییەکانە بۆ وڵاتەکەیان کە ساڵانێکە لە ئێراندا دەژین و بە وتەی وەزارەتی تەندروستی ئەفغانستان، کۆماری ئیسلامی زۆر خێراتر لە جاران ئەفغانییەکان ئاودیوی سنووری ئەو وڵاتە دەکاتەوە و ئەمەش مەترسیی ڤایرۆسی کۆڕۆنای بۆ ئەو وڵاتە زیاد کردووە.