لە ڕێوڕەسمێکدا دووهەمین ساڵیادی کۆچی دوایی شاخەوانی کوردستان “کەریم مەعروف زادە” بەرزا ڕاگیرا.
ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی ڕەشەمەی ١٣٩٨، دووهەمین ساڵیادی شاخەوانی ناوداری کورد بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە وەزرشوانان و چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی لەسەر گڵکۆی ئەم شاخەوانە لە گۆڕستانی شاری سەردەشت بەڕێوەچوو.
جێی ئاماژەیە، ئەم شاخەوانە کوردە، ڕۆژی ١١ی ڕەشەمەی ١٣٩٦، لە کاتێکدا لەگەڵ پۆلێک لە شاخەوانانی دیکەی هاوڕێی لە تاران لووتکەی “توچاڵ”یان دەبڕی بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە گیانی لەدەست دا.
کەریم مەعروفزادە لە ساڵی ١٣٤٦ ی هەتاوی لە شاری سەردەشت لە دایک بووە و قۆناغەکانی خوێندنی بڕێوە و، وێڕای خوێندن حەزی لە وەرزش و یاری بووە و هاوکاتیش دوای تەواو بوونی خوێندن وەک مامۆستای قوتابخانە لە شاری سەردەشت وانەی بە قوتابیان گوتۆتەوەو یەکێک لە شاخەوانە ناودار و چالاکەکانی شاری سەردەشت بووە .
ئەو وەرزشوانە سەرکەوتووە خاوەن هەستێکی نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی بووەو جیا لە کاری مامۆستایەتی و وەرزش، هاوکات لە باری ژینگە پارێزیشەوە خزمەتێکی بەرچاوی کردووە و لە ڕێوڕەسمەکانی شیمیابارانی هەڵەبجەو سەردەشت، کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان و وەڕێخستنی چەندین کۆڕو کۆبوونەوەی گرینگ ڕۆڵی هەبووەو خزمەتێکی بەرچاوی کردوە.











