دوای کوژرانی دەیان چەکداری حیزبوڵڵا لە سووریا ئێران هۆشداریی دەداتە تورکیە.
باڵوێزخانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریە بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک هەڕەشەی لە تورکیە کردوە کە ئەگەر هێرشەکانیان بۆسەر بنکە سەربازییەکانیان نەوەستێنن، ئەوا هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی تورکیە.
ناوەندی ڕاوێژکاریی سەربازیی ئێران لە سووریە کە لە هێزە ئێرانی و لوبنانییەکان پێکدێت لە وڵامی هێرشەکانی تورکیە بۆ سەرئیدلب و دەورووبەری کە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان سەربازی سووری و چەکدارانی حیزبوڵڵای لوبنان و چەندین سەربازی ئێرانی، هەڕەشەیان لە تورکیە کردوە و دەڵێن “ئەگەر دەست لەو ڕەفتارانە هەڵنەگرن دەتانکەینە ئامانج”.
هەروەها داوایان لە تورکیە کردوە ژیرانە ڕەفتار بکا، ئەگەرنا سەربازانی تورک لە لایەن هێزەکانیانەوە دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن.
شایانی باسە، ماوەیەکە کێشەو ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیەو سووریە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاڵۆزتر دەبێت و ئەو هەڕەشانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بۆ سەر تورکیە لە کاتێکدایە کە سپای تورکیە هێرشەکانی بۆسەر ڕێژیمی سووریە چڕتر کردووەتەوە.