بریتانیا ده‌ڵێ قه‌یرانی ڕوو له زیادبوونی په‌نابه‌ران له‌و ماوه‌یه که ئورووپای تووشی کێشه کردوه، ته‌نیا به کۆتاییهێنانی شه‌ڕ له سووریه چاره‌سه‌ر ده‌کرێ.
ده‌یڤید کامێرۆن، سه‌رۆک وه‌زیرانی بریتانیا که بۆ وتووێژ‌و ئاڵوگۆری بیروڕا له‌سه‌ر قه‌یرانی په‌نابه‌رانی سووریه سه‌ردانی لوبنانی کردوه، له کۆنفڕانسێکی خه‌به‌ریی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هاوتا لوبنانییه‌که‌ی گوتی تا ئه‌و کاته‌ی شه‌ڕ له سووریه ڕانه‌گیرێ، کێشه‌ی پهنابهرانو شه‌پۆلی ڕاکردنی ئه‌وان به‌ره‌و ئورووپا چاره‌سه‌ر نابێ.
کامیرۆن دوای دیدار‌و چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ل ” سه‌لام ته‌مام”، سه‌رۆک وه‌زیرانی لوبنان سه‌ردانی ئۆردووگاکانی په‌نابه‌رانی سووریه له ناوچه‌ی ” بێقاع” ی لوبنانی کرد و له نیزیکه‌وه بارودۆخه‌که‌ی هه‌ڵسه‌نگاند.
سه‌فه‌ری ده‌یڤید کامێرۆن بۆ لوبنان دوای ئه‌وه هات که بریتانیا ڕایگه‌یاند ٢٠ هه‌زار په‌ناخوازی سووری وه‌رده‌گرێ، ئه‌وه‌ش له حاڵێک دایه که ئه‌و وڵاته له ماوه‌ی ٤ ساڵی ڕابردوودا زیاتر له ٥ هه‌زار پهناخوازو ئاواره‌ی سووری داڵده داوه که له چاو وڵاتانێکی وه‌ک فه‌ڕانسه، ئاڵمان‌و سۆئێد زۆر که‌مه.