دەیان هەزار کۆچبەرلە نێوان سنوورەکانی تورکیە و یوناندا گیریان خواردوە و ڕێگەیان لێگیراوە و لە دۆخێکی خراپدا دەژین.
پاش هێرشی ڕووسیە و سووریە بۆسەر هێزەکانی تورکیە لە ئیدلب و کوژرانی ٣٦ سەربازی تورکیە و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە لە هێزەکانی سپای تورک، دەوڵەتی تورکیە بۆ جێبەجێکردنی ویستەکانی لە لایەن ئورووپا و ئەمریکاوە پەناخوازانی وەک کارتێکی گوشار بەکارهێناوە و بۆ ئەم مەبەستە سنوورەکانی بۆ پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتانی ئورووپایی کردەوە و کۆچبەرێکی زۆر بە لێشاو ڕوویان لە سنووری یونان کرد، بەڵام دەوڵەتی یونان ڕێگە نادا کە ئەو کۆچبەرانە بچنە نێو ئەو وڵاتەو لەوێوە بۆ وڵاتانی دیکە بپەڕنەوە و لە تازەترین کاردانەوەدا بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللەی پلاستیکی ڕووبەڕووی کۆچبەران بۆتەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە تورکیە ڕێگەی گەڕانەوە بەو ئاوارانە نادا کە بگەڕێنەوە تورکیە، هەر بۆیە کۆچبەران کە زۆربەشیان ژن و منداڵن لە دۆخێکی خراپدا دەژین.
هەر بۆ ڕێگرتن لە پەڕینەوەی پەناخوازان بۆ وڵاتی یونان، دەوڵەتی ئەو وڵاتە پەنجا کەشتی شەڕکەر و دەیان هێلیکۆپتێر و هێزێکی زۆری پۆلیسی ڕەوانەی سنوورەکانی لەگەڵ تورکیە کردوە.
جێی ئاماژەیە کە کۆچبەران لە نێوان سیاسەتی دەوڵەتاندا کەوتوونەتە دۆخێکی نالەبارەوە و تا ئێستاش هیچ ڕێکخراوێکی مرۆیی پشتیوانی لینەکردوون، ڤایرۆسی کۆرۆناش لەم کاتەدا یەکێکی تر لە نەهامەتییەکانیانە و ئەو پەناخوازانە تووشی چارەنووسێکی نادیار بوون.