خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان وەک هەمیشە بە هانای هاونیشتمانیانی بوومەلەرزەلێدراوی قوتوورەوە چوون و تا ئێستاش هاوکارییەکان بەردەوامن.
دوای بوومەلەرزەکەی ناوچەی قوتوور لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای “وان”ی باکووری کوردستان، خەڵکی دڵسۆز و خاوەن هەڵوێستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ ئەوەی چاوەڕوانی دامودەزگا دەوڵەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بن، بەهەر شێوەیەک کە لە دەستیان هات و بۆیان لوا، بە فریای خەڵکی بوومەلەرزەلێداوەوە چوون و پێداویستییەکانیان گەیاندە هاونیشتمانیان.
خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەوەی کە هەمیشە بە فریای یەکترەوە چوون و لە هیچ یارمەتییەکی ئینسانی درێغیان نەکردوە، بەڵام بە تایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا شەپۆلێکی بەهێز لەهاوکارییەکان و بەهاناوەچوونەوە دەستی پێکردووە و کۆمەڵێک لە ئەنجوومەنە مەدەنی و ژینگەپارێزیی و ناوەند و کەسانی دڵسۆز و ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە ڕێکخستنی خەڵک و کۆکردنەوەی پێداویستییەکانی خەڵکی لێقەوماو کە ئەمەش ئەوپەڕی هاوسۆزی و لە هەمان کاتدا ئەرکێکی ئینسانی و نیشتمانییە.
لە کاتی هەر ڕووداوێکدا ئەوە ئەرکی حکوومەتە کە بە هانا و فریای خەڵکی لێقەوماوی وڵاتەکەیەوە بچی، بەڵام کۆماری ئیسلامی نەک هەر لە کاتی پێویستدا لە فریای خەڵک ناکەوێ، بەڵکوو ئەمجارە و زۆر جاری دیکەش دەستیان بەسەر هاوکارییەکانی خەڵک و ڕێکخراو و ئەنجوومەنەکاندا گرتوە و بۆئەم مەبەستە سیاسییەکانی خۆیان بەکاریان هێناوە.
بێگومان هاوکاری و هاودەردی و هاوسۆزی خەڵک بۆ یەکتر پێوەندییەکانی هاونیشتمانیان بەهێزتر دەکا و پلان و پیلانی دوژمنانیش بۆ دووبەرەکی و نانەوەی ئاژاوە لەنێو خەڵکدا پووچەڵ دەکاتەوە.











