پاش دوو دەیە شەڕکردن لە ئەفغانستان لە نێوان ئەمریکا و گرووپی تێرۆریستیی تاڵیبان، ڕێککەوتنی ئاشتی واژۆ کرا.
ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەشەمەی ٩٨ی هەتاوی، پاش ١٨ مانگ وتووێژی نێوان تاڵیبان و ئەمریکا لە وڵاتی قەتەر ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئەو دوو لایەنە واژۆ کرا.
بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ئەمریکا دەبێ لەماوەی ١٤ مانگدا هێزەکانی لە ئەفغانستان بباتە دەرەوە و تاڵیبانی ئەفغانستانیش هەموو هێرشەکانی ڕابگرێ و بە شێوەیەکی جیددی بۆ گەیشتن بە ئاشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوخۆیی ئەفغانستان دانوستان لە گەڵ دەوڵەتی ئەفغانستان دەستپێبکاتەوە.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی لەو ڕێککەوتنە نیگەرانە و لە ڕابردوودا بە هیچ شێوەیەک پشتیوانی خۆی لە تالیبان نەشاردۆتەوە و هەوڵی هەڵگیرسانی شەڕی لە ئەفغانستان داوە.
هەر لەم پێوەندییەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی دایە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەست نەخاتە نێو پرۆسەی ئاشتی ئەفغانستان.