بەڕێوەبەری تەندروستیی سەقز ڕایگەیاند، ژنێکی ٥٥ ساڵە کە گومانی ئەوەی لێدەکرا تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بووبێ، لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی شاری سەقزدا گیانی لەدەستدا .
ئەنوەر بەهرامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سەقز ئاماژەی بەوە کرد کە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چەند کەسێک کە گومانیان لێدەکرا تووشی ئەم ڤایرۆسە بووبن، لە نەخۆشخانەی خومەینیی سەقز لەژێر چاودێریدا بوون کە بەداخەوە یەکێکیان گیانی لەدەستدا.
ناوبراو باسی لەوەکرد، کە تا ئێستا ٢٢ کەس کە گومان دەکرێت هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بن، لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی خومەینیدا ڕاگیراون کە ئەنجامی پشکنینی دوو کەسیان ئەرێنی بووە.
کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا لە ئێران بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بە هۆی شاردنەوەی ئامار و ڕاستییەکان لە لایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هێشتا دیار نییە بەڵام بە پێی ڕاگەیاندنە بیانییەکان و ئامارە نافەرمییەکان لە ئێران سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسیش تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون.











