دوای هێرشەکانی سپای تورکیە بۆ سەر هێزەکانی دەولەتی سووریە و سپای پاسداران، کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد.
دوای ئەوەی ئەمشەو ئەو وادەیە کۆتایی هات کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە بۆ کشانەوەی سپای سووریە لە ئیدلب دیاریکردبوو، هێرشێکی فراوانی تورکیە بۆسەر سوپای سووریە و بنکە و بارەگاکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو وڵاتە دەستیپێکردووە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، بۆ یەکەمجار فڕۆکەی ئێف ١٦ لەپاڵ مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیە بەشداری هێرشەکەیان کردوە.
“ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ” ڕایگەیاند، فڕۆکەکانی تورکیە بنکەکانی سپای سووریەیان لە سنوورەکانی ئیدلب و لە سەراقیب بۆردوومان کردوە، بەڵام هیچ ئامارێکی لەبارەی کوژراو و بریندارەکان بڵاو نەکردۆتەوە .
هاوکات سپای تورکیا تۆپبارانی بنکەکانی سپای سووریەی لە سەراقیب و جەبەل ئەل زاویە کردوە.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی هێرشەکانی تورکیەی بۆسەرسپای پاسداران و سپای سووریەی پشتڕاستکردەوە و هەڕەشەی تۆڵە کردنەوەی لە تورکیە کردوە.