ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی داوای لە ئێران کردوە کە کۆتایی بە ١٢ ساڵ زیندانیکردنی نادادپەروەرانەی “زەینەب جەلالیان”، زیندانیی سیاسیی کورد بهێنێ.
زەینەب جەلالیان ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و، مانگی سەرماوەزی ساڵی ٨٧ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە هێزە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم سزای ئێعدامی بەسەردا سەپا.
لەو ڕاپۆرتەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییدا هاتوە کە دادگاییکردنی زێنەب جەلالیان بەبێ ئامادەبوون و ئاگاداربوونی پارێزرەکەی بەڕێوە چووە و حوکمی لەسێدارەدانی ناوبراو لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ٨٨ لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگاوە پشتڕاست کراوەتەوە. ئەم سزا قورسە داسەپاوە بە سەر زێنەب جەلالیان دوو ساڵ دواتر لەسەر داوای پێداچوونەوەی ناوبراو بۆ زیندانی تاهەتایی کەم کرایەوە.
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتوە کە زێنەب جەلالیان پتر لە ٨ مانگ بەبێ ئەوەی پارێزەرێکی بۆ گیرابێ لە زیندانی تاکەکەسیدا ڕاگیراوە و لەو ماوەیەدا بە شێوەی جۆراوجۆر ئازار و ئەشکەنجە دراوە.