هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەر لە کرماشان بە ٢ ساڵ زیندانی مەحکووم کرا.
لاوێکی کورد بە ناوی “ئەمین کاسب” خەڵکی کرماشان، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.
ئەو لاوە کرماشانییە کە لە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا بە هۆکاری ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرابەر گرانبوونی نرخی بێنزین دەسبەسەرکرابوو و بە “تێکدانی بیروڕای گشتی و پڕوپاگەندە دژی ڕێژێم لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری نیزام” تۆمەتبار کراوە.
ئەمین کاسب، لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی شاری جوانڕۆ کە بەهۆی گرانبوونی بێنزین دەسبەسەر کرابوو، دوای لێکۆڵینەوە لە ١٨ی بەفرانباری ئەمساڵ، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
شایانی باسە، لە کاتی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر لە ئێراندا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرابەر گرانبوونی نرخی بێنزین ژمارەیەکی زۆری خەڵک دەسبەسەرکران و زیاتر لە ١٥٠٠ کەس کوژران و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێکیش هێڵی ئینترنێت لە هەموو شارەکانی ئێران بەسترا تاوەکوو هەواڵەکان بە دەستی خەڵک نەگات و ڕووداوەکان پەردەپۆش بکەن.











