کۆمەڵێک لە دایکانی زیندانیانی سیاسی پەیامێکیان ڕو بە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و بەرپرسانی حکوومەتی و قەزایی ئێران بڵاو کردەوە کە دەقی پەیامەکە بەمجۆرەیە:
ئێمە دایکانی زیندانیانی سیاسی، خوازیاری ئازادکرانی بێ مەرجی ڕۆڵەکانمانین لە بەندیخانەکانی کۆماری ئێسلامیی ئێراندا و لەو دۆخە خراپە نیگەرانین و لەو پێوەندیەدا داواکارین لە هەموو بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی لە ئێران کە یەکگرتوو و یەکدەنگ خوازیاری ئازادکرانی ڕۆڵەکانمان بین لە بەندیخانەکان.
دایە شەریفە، دایکی “ڕامین حوسەین پەناهی” یەکێک لەو دایکانەیە کە کوڕەکەی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سێدارە دراوە و دایکی “ئەفشین حوسەین پەناهی”یە کە بە هەشت ساڵ و نیو مەحکووم کراوە و ئێستا بۆ تەواوکردنی ماوەی بەندییەکەی لە بەندیخانەی سنە دایە و لە دۆخی خراپی کوڕەکەی و زیندانیانی سیاسی تر نیگەرانە.
ئەو لە نووسراوەیەکدا ڕوو لە بەرپرسانی حکومی و قەزیی، داواکاری ئازاد کردنی ڕۆڵەکەی و هەموو بەندییە سیاسییەکانی ترە کە لە بەندیخانەدا مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان لەسەرە.
شایانی باسە، بڵابوونەوەی کۆرۆنا بە خێرایی لە شارەکانی ئێران وهەروەها بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە بەندیخانەکانەوە بەهۆی دۆخی خراپی بەندیخانەکان و نەبوونی ئیمکاناتی تەندروستی و پزیشکی ئەگەری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا مەترسی گەورەیە بۆسەر گیانی ئەو زیندانییانەو ئەوەش بووەتە هۆی دروست کردنی نیگەرانی لای بنەماڵەکانیان.











