بە هۆی قەرەباڵغی و ناستانداردبوونی بەندیخانەکان لە ئێراندا مەترسی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەسەر زیندانییەکان هەیە.
بە هۆی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ ئامانجی تایبەتی خۆی پێشی بە بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان لەسەر نەخۆشیی کوشندەی کۆرۆنا نەگرت و پاش ئاشکرابوونی ڕاستییەکانیش ئامادە نەبوون هاتووچۆ لە شاری قوم کە سەرچاوگەی گواستنەوەی ئەو ڤایرۆسە بوو بۆ هەموو ئێران، بۆ شارەکانی دیکە ڕابگرن هەر بۆیە بە شیوەیەکی بەربڵاو لە شاری قومەوە بۆ خەڵکی ئەو شارە و بۆ شارەکانی دیکەی ئێرانیش گوازرایەوە، وڵاتی ئێران بە هۆی کەمتەرخەمی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە دوای چین لەسەر ئاستی جیهاندا زۆرترین ڕێژەی گیانلەدەستدانی تێدا تۆمارکراوە و مەترسیدارترین وڵاتیش دێتە ئەژمار بۆ گواستنەوەی ئەو ڤایرۆسە بۆخەڵکی ئێران و بۆ وڵاتانی دیکە. بە هۆی گوشاری خەڵکی ئێران و بە تایبەت خوێندکارانی زانکۆکان هەندێک لە شوێنە گشتییەکان داخران، ئێستا مەترسی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیە لە بەندیخانەکاندا هەیە و لە تازەترین هەوڵدا ١٣٠ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی نێوخۆی ئێران داوایان لە “ڕەئیسی” بەرپرسی دەزگای دادوەریی ڕێژیم کردووە کە بەندیخانەکان چۆڵ بکا و بەندییەکان ئازاد بکا بۆ ئەوەیکە کارەساتی لێنەکەوێتەوە و هوشداریشیان داوە کە هەر ڕووداوێک لەمبارەوە دەکەوێتە ئەستۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران.