ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاندووە کە ٩٧ کەس لەو کەسانەی کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە، سەفەری ١١ وڵاتی جیهانیان کردوە.
ڕۆژی هەینی ٩ـی ڕەشەمەی ٩٨ی هەتاوی، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ٩٧ کەس لە تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران چوونەتە دەرەوە و سەفەری ١١ وڵاتی جیهانیان کردووە. “تێدرۆس ئادهانۆم” بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەو بارەوە ڕایگەیاندووە کە مەترسیی ڤایرۆسەکە هەڕەشە لە هەموو جیهان دەکا و پێویستە هەر وڵاتیک کە ئەو ڤایرۆسەی تێدا بڵاوبووتەوە، ڕێگە نەدا شارۆمەندەکانی سەفەری وڵاتانی دیکە بکەن و بە گرینگییەوە بچنە ژێر باری چارەسەرکردنیان. ناوبراو سەبارەت بە گشتگیریی جیهانیی کۆرۆنا ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا لە زۆربەی وڵاتانی دنیا ئەو ڤایرۆسە تۆمار نەکراوە. شایانی باسە کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ـی ڕەشەمە ڕایگەیاندبوو کە وڵاتانی دانمارک، ئێستۆنی، لیتوانی، هۆلەند و نیجێرییە ئاماری تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان بڵاوکردووەتەوە.
شایانی باسە کە ٢٤ کەسی تووشبوو بەو ڤایرۆسە لە ئیتالیاوە بۆ ١٤ وڵات سەفەریان کردووە و ٩٧ کەس لە ئێرانەوە سەفەری ١١ وڵاتیان کردووە.