ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک ناڕەزایەتی خۆی لەهەمبەر حوکمی لەسێدارەدانی ٣ بەندکراوی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەر دەربڕی
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین بە حوکمی لەسێدارەدانی ٣ کەس لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ (٩٨ی هەتاوی) بە ناوەکانی “ئەمیر حوسێن مورادی، محەممەد ڕەجەبی وسەعید تەمجیدی” ڕوونیشیکردەوە کە ئەو ٣ بەندکراوە لە دادگایەکی عادڵانەدا دادگایی نەکراون و تەنانەت مافی بوونی پارێزەریشیان پێنەدراوە و لە ژێر ئەشکەنجەدا دانیان بەو تاوانانەدا ناوە کە کۆماری ئیسلامی ویستوویەتی بیداتە پاڵیان.
شایانی باسە کە لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا بە هەزاران کەس لە خەڵکی ئێران بە دەستی هێزەکانی ڕێژیمی مرۆڤکوژی کۆماری ئیسلامی گیانیان لەدەستدا و بە دەیان هەزار کەسیش بریندار و دەسبەسەر کران و بەشێکیشیان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستدا کە دواترلە قەراخ شارەکاندا تەرمەکانیان لە لایەن خەڵکەوە دەدۆزرانەوە.